كامیل نورانى فه‌رد
ماوه‌ى نزیك به مانگێكه له‌كاتى به‌رێوه‌بردنى گه‌لاڵه‌ى دژه خه‌ڵكى یارانه‌كان له‌لایه‌ن رژیمى ئاخوندى تێده‌په‌رێ. له‌وماوه‌یه دا به‌هۆى گرانى له‌راده‌به‌ده‌رى كه‌ل و په‌ل و خزمه‌تگوزارییه‌كان بارودۆخى ئابوورى خه‌ڵكى هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌ت و توێژى نێوه‌نجى كۆمه‌ڵگاى ئێران و به‌تایبه‌ت له‌ناوچه په‌راوێزخراوه‌كانى وه‌ك كوردستان و سیستان و به‌لوچستان و خوزستان به‌ره‌و خراپى زیاتر رۆیشتووه و له‌باقى شوێنه‌كانى ئێرانیش به‌هه‌مان شێوه گرانى له‌راده‌به‌رده‌ر…
ته‌نگى به خه‌ڵك هه‌ڵچنیه‌وه.
به‌رێوه‌بردنى ئه‌و گه‌لاڵه‌یه له‌كاتێكدایه كه زۆرێك له‌شاره‌زایانى بارى ئابوورى گریمانه‌ى سه‌رهه‌ڵدانى كێشه‌یێكى گه‌وره له ناو ئێران هه‌م له پێوه‌ند به ئابوورى و هه‌م له‌پێوه‌ند به به‌ره‌وسه‌ر چوونى سووچه كۆمه‌لایه‌تیه‌كان به هۆى هه‌ژارى و نه‌دارى ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت باس له ناره‌زایه‌تى گشتى ده‌كرێ و به ئه‌گه‌رێكى به‌هێز ده‌بیندرێ. بیرۆكه‌ى لابردنى یارانه‌كان له رژیمى ئاخوندى له ده‌ورانى سه‌رۆك كۆمارى ره‌فسه‌نجانى و خاته‌میش له‌ئارا دا بوو، به‌لام هه‌ر به هۆى ترس له راپه‌رینى جه‌ماوه‌ر پشت گوێ خرا. ئێستا شاهیدین كه ده‌وڵه‌تى ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد كه پولیسى ترین ده‌وڵه‌ته له مێژووى ده‌سه‌لاتدارى رژیمى ئاخوندان به هۆى له‌خۆبایی بوون به، به‌ده‌سته‌وه‌گرتنى سه‌رچاوه‌كانى هێز وه‌كوو سوپا و به‌سیج و نیزامیه‌كان و هه‌بوونى ئوتۆریته‌ى له‌ناو ئه‌و توێژه له‌ئاكام دا بریارى لابردنى یارانه‌كانى جێ به‌جێ كرد و هه‌موو هێزه سه‌ركووتگه‌ره‌كانیشى بۆ به‌ره‌ورووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ناره‌زایه‌تیه‌كان ته‌یار و گوێ به زه‌نگ كرد.
له‌سه‌ر بێ ناوه‌رۆكى و دژه خه‌ڵكى بوونى ئه‌و گه‌لاڵه‌یه نابێ دوو دڵ بین و ئه‌و برِه پوڵه كه‌مه‌ش كه له‌ژێر ناوى پوڵى یارانه و ئیمامى مه‌هدى ده‌درێ به خه‌ڵك ته‌نیا بۆ هه‌ڵخه‌لاتاندنه و ته‌نانه‌ت به‌شى پولى قه‌بزى یه‌ك مانگ برق یان ئاوى خانه‌واده‌یێك ناكا و به‌مه‌به‌ستى به لارێدابردنى بیره‌وراى گشتى له‌و دزییه گه‌وره‌یه‌ى ده‌وڵه‌ت كه له‌خه‌ڵكى ده‌كا به‌رێوه ده‌چێ. ده‌وڵه‌ت هه‌روه‌ك خۆى بانگه‌وازى بۆ ده‌كا ده‌بێ هه‌تا یه‌كساڵ نزیك به ١٠٠ میلیارد تمه‌ن پاشه‌كه‌وت بكات و ئه‌وه به‌واتاى ئه‌وه دێ كه ئه‌و پوڵه كه‌مه‌ى كه له‌داهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى نه‌وتى تا ئێستا ده‌ده‌را به خه‌ڵك له‌مه‌وبه‌دوا ئه‌وه‌ش ره‌وا نابیندرێ به خه‌ڵك و ده‌گه‌رێته‌وه بۆ سندوقه‌كانى داهاتى ده‌وڵه‌ت.
به‌رێوه‌بردنى ئه‌وگه‌لاڵه‌یه له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاتى ئاخوندى زۆر چاوه‌رواننه‌كراو و سه‌رسوورهێنه‌ر نه‌بوو، به‌لام درێژه‌كێشان و ئاسایی بوونه‌وه‌ى ئه‌و ره‌وشه ناله‌باره له لایى خه‌ڵك یه‌كجار مه‌ترسیداره و ده‌ستى دیكتاتۆرانى ئێران ئاوه‌ڵه ده‌كا بۆ ئه‌وه‌ى به بێ ترس درێژه به سیاسه‌ته چه‌په‌ڵ و ده‌سه‌لاته نگریسه‌كه‌یان بده‌ن و دۆخى بژیوى خه‌ڵك یه‌كجار خراپتر و ئاڵوۆزتر ده‌بێ. بۆیه نابێ هه‌رگیز له‌راست ئه‌و دۆخه نائاسایی و قه‌یراناوییه بێ ده‌نگ بین و رێگه بۆ بردنه پێشه‌وه‌ى مه‌رامه پیسه‌كانى ده‌سه‌لات خۆش بكه‌ین. دیاره له‌سه‌ره‌تاى به‌رێوه‌بردنى ئه‌و گه‌لاڵه‌یه زۆر و به‌شێوه‌یێكى به‌ربلاو گرانیه‌كه هه‌ستى پێناكرێ، به‌لام به‌ڵگه‌كان و سیاسه‌ته پشتى په‌رده‌كانى ده‌سه‌لات ئاماژه بۆ قه‌یرانێكى یه‌كجار گه‌وره له‌راست خه‌ڵكى ئێران ده‌كا. ته‌نانه‌ت ده‌گاته‌قۆناغێك كه ئه‌و برِه پاریه‌ش لاده‌چێ و نرخه‌كان ده‌بنه نرخى نێوده‌وڵه‌تى و هه‌لاوسان و گرانى و كه‌مبوونى پێداویستى و خوارده‌مه‌نیه‌كان ده‌روى ژیان له‌خه‌ڵك ده‌به‌ستێ.
به‌ره‌ورووبوونه‌وه‌ى خه‌ڵكى بولیوى له‌به‌رانبه‌ر گه‌لاڵه‌ى لابردنى یارانه‌كان له‌سه‌ر سووته‌مه‌نى له لایه‌ن ده‌وڵه‌تى موراڵێس، ده‌تواندرێ وه‌ك ئه‌زموونێكى سه‌ركه‌وتوو له‌راست زاڵبوونى ئیراده‌ى خه‌ڵك به‌سه‌ر بریارى حكوومه‌ت چاو لێبكرێ و ده‌رسی لێوه‌ربگیردرێ. خه‌ڵكى لاپاز پێته‌ختى بولیوى له‌دواى ٢ رۆژ تێپه‌رِین به‌سه‌ر گه‌لاڵه‌ى لابردنى یارانه سووته‌مه‌نیه‌كان له‌لایه‌ن حكوومه‌تى وه‌لاته‌كه‌یان، رژانه شه‌قامه‌كان و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ سه‌ركووتى هێزه ئه‌منیه‌تیه‌كان به‌ره‌ورووبوون، به‌لام درێژه‌یان به ناره‌زایه‌تیه‌كانى خۆیان دا و له‌ئاكام دا پاشه‌كشه‌یان به ده‌سه‌لاتداران كرد و سه‌ركه‌وتن.
هه‌رچه‌ند به‌راوردكردنی ئیران و بولیوی و رژیمه‌كانی ره‌نگه دروست نه‌بێ، به‌لام به‌و حاڵه‌ش خه‌ڵكی ئیران نابێ له‌و زیاتر چاوه‌رێ بن هه‌تا بارودۆخی نائاسایی هه‌نووكه‌یان به‌لاوه ئاسایی ببێته‌وه و رژیم درێژه به تالانی سه‌رمایه و داهاتی خه‌ڵك بدا. ئه‌وه قه‌یرانه‌ى ئێستا باشترین ده‌رفه‌ته بۆ ئه‌وه‌ی كه رژیم به ده‌ستی جه‌ماوه‌ر زه‌ربه‌یێكی گورجوبری لێكه‌وێ و ته‌نانه‌ت ریشه‌ی نیزامه‌كه‌ی له‌بن هه‌ڵقه‌ندرێ. هیچ پێویست به توندوتیژی و رێگه‌ی دژوار ناكا، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی ئێران به گشتی له‌دانی قه‌بزی ئاو و برق و باقی خزمه‌تگوزارییه‌كان خۆ بپارێزن، ته‌واوی سیسته‌می به‌رنامه گه‌لاڵه بۆ دارێژراوه‌كانی رژیم ده‌شێوێن و ئاكامی ئه‌رێنی بۆ خه‌ڵك به‌دواوه ده‌بێ. به هیوای ئه‌و رۆژه‌ی شاهیدی ناره‌زایه‌تی و نافه‌رمانی مه‌ده‌نی به‌رینی جه‌ماوه‌ریی له‌سه‌رجه‌م شاره‌كانی ئێران بین و سێبه‌رى رژیمى گه‌نده‌ڵى ئاخوندى بۆ هه‌تا هه‌تایه له‌سه‌ر خه‌ڵكى ئێران برِه‌وێته‌وه.